کار و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی نان بە گولـلە وڵام دەدرێتەوە

15:28 - 6 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ، سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری ئەو شارە بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژ، کاروانێک لە کۆڵبەرانی کورد، لە نزیک گوندی \"سەنگەر\"، سەر بە شاری ماکۆ کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"عوسمان قەدیمی\" بە توندی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە پشت و لاقی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی تەورێز ڕاگوێزراوە.

هاوکات ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان، چوار کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە کوژران و بریندار بوون.

شوناسی یەکێک لە کۆڵبەرە کوژراوەکان، \"ناسر\" خێزاندار و کوڕی سدیق خەڵکی گوندی \"ئیساوڵێ\" ڕاگەیاندراوە.

هەروەها شوناسی برینداربووەکان \"ئیقباڵ\" کوڕی ئەحمەد\"، \"ئیبراهیم\" کوڕی \"محەممەد\" و \"مەنسوور\" کوڕی \"مەجید\"، ڕاگەیەندرا.

کۆڵبەرانی کورد، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن، کە تووشی ئەو ڕووداوانە دەبن.