ڤیان محەممەدی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

17:52 - 19 جۆزەردان 2721

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی جۆزەردان، ڤیان محەممەدی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری خەڵکی شاری مەریوان بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردان، ڤیان محەممەدی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بڕیاری درێژکردنەوەی دەسبەسەریەکەی دەستی دابووە مانگرتن و پاش بڕیاری ئازادکردنی بە دانانی بارمتە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووەوە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، پاش پشکنینی ماڵی ڤیان محەممەدی، لەپ‌تاپ، مۆبایل و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو خوێندکارە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی، سەرەتا بۆ گرتنگەی ئێڤین ڕاگوێزرابوو و پاشان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وپاڵدراو دژی ڤیان محەممەدی، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.