ڤایرۆسی نورواک هۆکاری پیسبوونی ئاوی شائاباد

17:12 - 7 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەپێی تاقیکارییەکان لە سەر پیسبوونی ئاوی شاری شائاباد، ڤایروسی نورواک بە هۆکاری نەخۆش کەوتنی هاووڵاتییانی ئەو شارە ناسراوە.

جێگری تەندرووستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری کرماشان لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر گوتی: \"تەنیا هۆکاری ژاراوی بوونەکەی دۆزراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەی ئەو پیسبوونە هێشتا ناڕوونە و ناتوانین بڵێن کێشەی لێل بوونی ئاوی خواردنەوەی شائاباد لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئیبراهیم شەکیبا لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری پیسبوونی ئاوی شائاباد لەم دوایانەدا دەستی پێکردووە و ڤایروسی نورواک وەکوو هۆکاری ئەو لێل و پیسبوونە ناسێنراوە.

ئەو جێگری بێهداشت سەبارەت بە لێل بوونی ئاوی شاری هەرسینیش ڕاگەیاند: \"ئاوی خواردنەوەی ئەو شارەش پیس و لێلە و بۆ خواردنەوە بەکەڵک نایەت، بەڵام بۆ شۆردن و خاوێن کردنەوە بەکەڵک دێت.

پێشتریش، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاوی خواردنەوەی شاری خوڕڕەم ئاوا لە زۆربەی شوێنەکانی ئەو پارێزگایە پیس و لێل بووە و بووەتە هۆی ئەوەیکە ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە بکەوێتە مەترسییەوە.

نورو ڤایروسەکان، گرووپێک لە ڤایروسەکانن کە دەبنە هۆی هەو کردنی گەدە و ڕیخۆڵە گەورە، نورو ڤایروس لە سەرەتاوە لە ناوی شاری نورواک لە ئەیالاتی ئۆهایۆی ئامریکا وەرگیراوە، کە بۆ یەکەم جار ئەو ڤایروسە لە ساڵی ١٩٧٢ی زایینی تێیدا بڵاو بووەتەوە.