ژینگەی ئیلام لەلایەن ڕێکخراوی لایەنگرانی ژینگەوە خاوێن کرایەوە

20:14 - 3 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لایەنگرانی ژینگەی ئیلام بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی ئەو پارێزگایە، دەستیان دایە خاوێن‏کردنەوەی شوێنەکانی هات‏وچۆ و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی مەدەنیی لایەنگرانی ژینگەی ئیلام، بە داکوتانی پارچەنووسراوە بە نێوەڕۆکی ژینگە پارێزی، دانانی کیسەی زبڵ لە شوێنە سەرەکییەکان و ئەو شوێنانەی کە ڕێوڕەسمی ئایینیی عاشوورا تێیدا بەڕێوە چوو، پێشیان بە پیسبوونی ژینگەی ئەو پارێزگایە گرت.

ئەو ڕێکخراوە دوابەدوای کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی عاشوورا، هەڵمەتێکی خاوێن‏کردنەوەی ژینگەیان بەڕێوە بردووە.

\"28862.jpg\"
ئەو هەنگاوە بە مەبەستی پەرەپێدانی خووی ژینگە پارێزی لەنێو هاووڵاتیانی پارێزگای ئیلام بەڕێوە چووە.

ساڵانە لە ڕێوڕەسمی تاسووعا و عاشوورا و هەروەها ڕێوڕەسمەکانی دیکە، کە لە نێو شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان بەڕێوە دەچێت، زبڵێکی زۆر فڕێ دەدرێتە نێو ژینگە کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.

حکوومەتی ئێران بە مەبەستی پێشگرتن لە پیسبوونی ژینگە خەمساردە و لەو پەیوەندییەدا هەنگاوێکی شیاو هەڵناگرێت .