ژیانی پڕ مەینەتی بنەماڵەیەکی هەژاری خەڵکی نۆدشە

13:23 - 18 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی نزیک بە ١ ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمتەرخەمی، نابەرپرسیارەتی زۆرێک لە بەرپرسانی حکوومتی باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتییانی ئێرانی بەتایبەت ناوچە هەژار نشینەکانی کوردستان بەرەو خراپی چووە.

بنبەماڵەیەکی ٣ کەسی (حوسێن، شەمسی و یادگار) هەژاری دانیشتووی شارۆچکەی نۆدشە لە سەرجەم ئیمکاناتی ژیان بێبەرین و لایەنە پەیوەدنیدارەکان هیچ ئاوڕێک لە چۆنیەتی باری ژیان و گوزەرانی ئەو بنەماڵەیە نادەنەوە.

\"یادگار\"ی تەمەن ١٣ ساڵ رۆڵەی تاقانەی ئەو بنەماڵەیە، بەهۆی نەبوونی ناسنامەی ئێرانی نەخوێندەوار ماوەتەوە و تەنانەت لە بیمەی پزیشکی و یارانەی حکوومەتیش بێبەرییە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو بنەماڵە ٣ کەسییە (حوسێن، شەمسی و یادگار) مانگ و مانگ چاویان لە ٤٥ هەزار تمەن پارەی یارانەیە، کە تەنیا دایکی \"یادگار\" وەری دەگرێت.

\"11004.jpg\"
بنبەماڵەیەکی ٣ کەسی (حوسێن، شەمسی و یادگار)
هەواڵدەریی حکوومەتیی \"فارس\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە باوکی یادگار کە پێش شۆرشی ٥٧ی هەتاوی پەڕیوەی خاکی عێراق ببوو و ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بۆ وڵاتی ئێران گەرابوویەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ناسنامەی ئێرانی پێنەدراوە و هەر بۆیە نەیتوانیوە ناسنامە بۆ رۆڵە تاقانەکەشی وەربگرێت.

کاک حوسێن بەهۆی پەککەوتەی، رووی لە کاری مجێوری \"مزگییە قووڵە\"ی شاری نۆدشە کردووە و توانای ئەنجام دانی هیچ کارێکی دیکەی نییە، بۆیە باری گوزەران و ژیانیان لەوپەڕی خراپی دایە و هیچ لایەنێک لەمەڕ ئەو دۆخەی ژیانیان خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

شارۆچکەی نۆدشە لە ١٥٠ کیلۆمیتری پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و سەرجەم حەشیمەتەکەی دەگاتە ٥ هەزار کەس و یەکێک لە ناوچە هەژارنشینەکانی وڵاتی ئێران دەێتە هەژمار.