ژیان لەسەر سنوور خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی سەربەخۆی ئورووپای بەدەست‏ھێنا

15:47 - 25 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: فیلمی \"ژیان لە سەر سنوور\" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادیخەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا لە وڵاتی فەڕانسەی بەدەست‏ھێنا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی \"ژیان لەسەر سنوور\" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی \"بەھمەن قوبادی\" خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئورووپا لە وڵاتی فەڕانسەی بەدەست‏ھێنا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی \"ژیان لەسەر سنوور\"\" Life on the Borderلە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد \"بەھمەن قوبادی\" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا،ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئورووپا بە ناونیشانی \"ئێکۆ\" ÉCU لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕانسە نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فێستیڤاڵە گرینگە سینەماییەی پێ‏بەخشرا.

بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئورووپا بۆ \"ژیان لەسەر سنوور\"، ئەگەری چوونەناوەوەی ئەم فیلمە کوردییە بە ھەشتا و نۆیەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٧ ئاسانتر دەکات.

فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئورووپا \"ئێکۆ\" ÉCU ، کە بە یەکێک لە ڕووداوە گرینگ و جێی متمانەکانی سینەمای سەربەخۆی ئورووپا دێتە ئەژمار و بە مەبەستی گەورەبوون و سەرھەڵدانی فیلمسازانی سەربەخۆ لە سەرتاسەری جیھان و پەرەپێدان، گەشەسەندن و ڕۆیشتن بەرەوپێشێی سینەماکارانی سەربەخۆ دامەزراوە، لەم یازدەیەمین خولەیدا، بە نمایشی ٧٧ فیلم لە ٣١ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لە ڕۆژانی ٨ تا ١٠ی ئاوریلی ٢٠١٦ لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕانسە بەڕێوەچوو.