ژوورە فیکرییەکانی واشنگتۆن خانەخوێی دوو حیزبی گەورەی کوردستانی ئێران بوون

16:18 - 24 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێبەرانی دوو حیزبی گەورەی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ تینک‌تەنکەکانی واشینگتۆن دەستی پێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێبەرانی دوو حیزبی گەورەی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەگەڵ تینک‌تەنکەکانی واشینگتۆن دیدار و چاوپێکەوتنیان کرد.

لەو دیدار و چاوپێکەوتنەدا، مستەفا هیجری، لێپسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شوڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ \"سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران و داهاتووی کوردستانی ئێران\" چەند لێدوانێکیان پێشکەش کرد.

ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە، لە وتەکانیاندا ئاماژەیان بە بارودۆخی کوردستانی ئێران و سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران، لە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئامریکا بۆ بەربەرەکانیی لەگەڵ حکوومەتی ئێران پێشوازییان کرد.

هەتا ئێستا ئەو دوو کەسایەتییە ناسراوەی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەگەڵ \"ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئامریکا، هزرگەی هادسۆن، واشینگتۆن ئەنیستیتۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەندەن\" دیدار و چاوپێکەوتنیان کردووە.

هەروەها لێپسراوی گشتیی حیزب دێموکرات و سکرتێری گشتیی کۆمەڵە لەگەڵ کەسایەتییە ئاکادمیکییەکان، ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا و بەرپرسانی تینک‌تەنکەکانی واشینگتۆن چاوپێکەوتنیان کردووە.

ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە، پاش دەرچوونی ئامریکا لە بەرجام بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی ئەو وڵاتە کراون.