ژنە چالاکێکی کورد بەدانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

15:19 - 9 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکی کورد خەڵکی شاری سەقز، پاش ٥ ڕۆژ دەستبەسەری لە گرتووخانەی ئەو شارە بەدانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فاتمە(فەرزانە) ئەڵماسی، ژنە چالاکی کورد خەڵکی شاری سەقز، پاش پێنج ڕۆژ بە دانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو ژنە چالاکە کورد لە سەرەتای مانگی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنیەتییەکان پاش دەستبەسەر کردنی فاتمە ئەڵماسی و دوای پشکنینی ماڵەکەی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی هێندێک لە کەرەستەی شەخسی ناوبراویان داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو ژنە چالاکە کوردە بە هۆی چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو،ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ دووبارە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

فاتمە ئەلماسی، فەرمانبەری فەرهەنگی خانەنشین کراوی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقزە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان بانگهێشت و خراوەتە ژێر گوشارەوە.