ژنە چالاکێکی مەدەنیی کورد لە شاری سەقز دادگایی کرا

14:50 - 16 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری سەقز، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەممە، نەجیبە ساڵح‌زادە، ژنە چالاکی مەدەنیی کورد، لە شاری سەقز و هاوسەری مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاریی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە بیانییەکان و دەرەوەی وڵات بەتایبەتی ڕادیو پەیام و تیڤی رو در رو\" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز دادگایی کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو تۆمەتە، لە دادگا ڕایگەیاند: \"ئەگەر داکۆکی لە هاوسەرەکەم (مەحموود ساڵحی) پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ئەژمار بێت، من هیچ قسەیەکم بۆ وتن نییە\".

دادگایی کردنی ئەو چالاکە مەدەنییە، پاش نێوکاتژمێر کۆتایی هات و دادوەری دۆسییەکە ڕایگەیاند، هەتا یەک حەوتووی دیکە لە ڕێگای \"سامانە سەنا\" حوکمی ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە بە ناوبراو ڕادەگەینین.

نەجیبە هاوسەری مەحموود ساڵحی لە کاتی دادگایی کردنیدا، لە دادگادا ئامادە بوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان، ناوبراو بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" لە لقی سێ دادیاری دادگوستەری شاری سەقز \"تفهیم اتهام\" کرابوو.