ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی کورد لە شائاباد دەسبەسەر کرا
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی کورد لە شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی کوردیان بە ناوی "ئانیسا جەعفەری مێهر" لە شاری شائاباد دەسبەسەر کرا.
هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو ژنە چالاکە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی شەخسی وەک لەپتاپ، کتێب و موبایلی ناوبراو داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئانیسا جەعفەری مێهر، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای بەشی زمانناسیی زانکۆی کوردستان بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووس و شوێنێ ڕاگیرانی ئەو ژنە چالاکە فەرهەنگییە لە بەردەستدا، نییە.
لەو پەیوەندییەدا، شەوی یەکشەممە ٢٤ی سەرماوەز، ئاکۆ جەلیلیان، نووسەر، زمانزان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی کەسیی سێ چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ناوەکانی "سۆهراب مورادی، داریووش مورادی و ئەحمەد بەساتی" و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، ئەوانیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.