ژنە چالاکێکی فەرهەنگی کوردی خەڵکی بۆکان بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کرا

15:12 - 2 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئاگادار کراوەتەوە کە خۆی بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو شارە بناسێنێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، له درێژەی فشار بۆ سەر چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورد، کەوسەر فەتاحی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان بەهۆی چالاکییە فەرهەنگییەکانییەوە بەرەوڕووی بانگهێشت و هەڕەشەی دەستبەسەر کرانی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوویەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند کە ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە رۆژی یەکشەممەی حەفتەی رابردوو بەم لاوە کەوتۆتە ژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و هەتا ئیستا چەندین جار تەلەفۆنیان بۆ کردووە کە خۆی بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بنکەی پێشووی مەکتەبی قورئانی شاری بۆکان بناسێنێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو چالاکە فەرهەنگییەیان راگەیاندووە، ئەگەر خۆی بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران نەناسێنێت، بەرەوڕووی دەستبەسەر کران دەبێتەوە.

کەوسەر فەتاحی بڕوانامەی بەکالریۆس(لیسانس)ی لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەست هێناوە ماوەی چەند ساڵێکە لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبیدا چالاکە و لە زۆربەی کۆڕە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی شاری بۆکاندا بەشداریی کوردووە.

ناوبراو پێشتریش چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە ئەندامی کۆری ئەدەبیی شاری بۆکان، ئەندامی کۆری ئەدەبی زریان، ئەندامی هەئیەتی ئیجرایی، مودیری ئێن جی ئۆی ژینگەپارێزیی بۆکان، دامەزرێنەری ئەنجومەنی فەرهەنگی و روانگەی نوێ کە لەلایەن ئەماکنەوە مۆڵەتەکەی هەڵوەشێدرایەوە، بووە.