ژنە هاووڵاتییەکی کورد، پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو لە خۆسووتاندنەکەی، گیانی لەدەست دا

14:43 - 29 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بە هۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە، پاش دوو حەوتوو گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی \"ڕووناک گوڵابی\"، کچی عەبدوڵڵا، پاش تێپەڕێنی دوو حەوتوو لە خۆسووتاندنەکەی، بە هۆی زۆریی ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە، لە نەخۆشخانەی ورمێدا گیانی لەدەست دا.

ئەم ژنە هاووڵاتییە کوردە، دوو حەوتوو پێش، بە هۆکاری نادیار ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کرابوو.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، ژنێکی لاو بە ناوی \"کیمیا شێخانی\"، کچی ئەحمەد، خەڵکی گوندی \"گوڕگاوێـ\"ـی شاری شنۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، دەستی دابووە خۆکوشتن.