ژنە هاووڵاتییەکی کورد ئاگر لە جەستەی خۆی بەردا

14:10 - 6 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی سەرچناری شاری مەهاباد، بە هۆی کێشەی خێزانییەوە، خۆی سووتاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز، ژنێکی لاو بە ناوی \"فەرزانە پاک ئاری\" خەڵکی گوندی سەرچنار و دانیشتووی گوندی \"سەوزی\" سەر بە شاری میاندووئاو، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری تەورێز کراوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"زیاتر لە سەدا ٩٠ی جەستەی فەرزانە پاک ئاری سووتاوە و پزیشکەکانی نەخۆشخانەی شاری تەورێز، دۆخی تەندروستی ناوبراویان خراپ ڕاگەیاندووە\".

چالاکانی مافی ژنان سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان دەڵێن: \"ئاماری خۆسووتاندنی ژنان ڕوون نیە و هۆکاری خۆسووتاندن بۆ کێشەکانی وەک زۆریی حەشیمەت و پێکهاتە ناشیاوەکان، هەژاریی ئابووری، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، داب و نەریت و باوەڕە هەڵەکان لە کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە\".

لە لایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژ پێش، ژنێکی لاوەبە ناوی \"سایە. ح\" خەڵکی شاری پاوە، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوتری، ئەو ژنە دووگیان بووە و لەژێر گوشاری بنەماڵەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێناوە.