ژنە هاووڵاتییەکی مەریوانی بۆ ڕزگاری لە پەتی سێدارە، پێویستی بە پارەیە

15:16 - 1 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنەدا، بۆ ڕزگاربوون لە پەتی سێدارە، پێویستی بە یارمەتیدان هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی کورد بە ناوی \"سوغرا خەلیلی\"، خەڵکی گوندی \"بێسارانـ\"ـی سەر بە شاری مەریوان، لە ساڵی ٩١ی هەتاویدا، بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەقەست\"، بە قیساس مەحکووم کراوە و لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدایە.

ئەم ژنە تەمەن ٣٧ ساڵەیە، لەگەڵ منداڵە چوار ساڵەکەی لە زینداندایە و بنەماڵەی کوژراوەکە ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری دانی دییەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی، لە سێدارەدانی ئەو ژنە خۆش دەبن.

\"ئومید بەدری\"، مێردی \"سوغرا خەلیلی\"، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ کۆکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە کە بنەماڵەی کوژراوەکە داوای دەکەن، یارمەتیی بدەن. \"سوغرا خەلیلی\" بە هۆی بەرگریکردن لە خۆی لە هەمبەر دەسدرێژی، تاوانبار بە کوشتنی بەئەنقەست کراوە.

ژنێکی لاو لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدا، بە ناوی \"فەوزیە جەوازی\"، کچی ڕەحمەتوڵڵا، کە بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی بە ناوی \"حەبیب شێخ ئەحمەدی\"، بە \"قیساس\" مەحکووم کرابوو، بە دانی دییە لە لایەن خێرخوازانەوە، لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

ئەم ژنە هاووڵاتییە کوردە، ٨ ساڵە بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، لە لایەن دادگاوە بە قیساس مەحکووم کرابوو.