ژنە هاووڵاتییەکی شنۆیی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

14:23 - 6 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، دەستی دایە خۆسووتاندن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر، ژنێکی کورد بە ناوی \"شەرمین ئەحمەدی\"، کچی وەیسە خەڵکی شاری شنۆ، بە خۆسووتاندن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی \"کێشەی بنەماڵەییـ\"ـیەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: تەرمی ئەو ژنە کوردە بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ گوێزراوەتەوە و هەتا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

کۆماڵناسان دەڵێن: خۆکوژی دیاردەیەکی نهێنییە و تەنانەت ئەگەر ناوەندی ئامار لەو پەیوەندییەدا، ئامارێک لەسەر ئەو دیاردەیە پێشکەش بکات، ئامارێکی ورد و تەواو نییە.

بە وتەی ئەو کۆمەڵناسانە: یەکێک لە هۆکارە بەرچاوەکانی ئەو ئامارانە ئەوەیە کە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، نزیکانی کەسی خۆکوژ هەوڵ دەدەن، هەتاهەتایە خۆکوژییەکە بە مردنێکی سروشتی لە قەڵەم بدەن.

پەروین زەبیحی، کارناسانی کاروباری ژنان لە شاری ئیلام، سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان بە ڕادیۆ فەردای ڕایگەیاندووە: \"گرینگترین هۆکاری خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستان، هەژاری، دەواکەوتووییی فەرهەنگی، توندوتیژی بنەماڵەیی و گیرۆدەبوون بە مادەی سڕکەرەکانە\".

شایانی باسە، هەتا ئێستا ئامارێکی ورد و تەواو لەسەر خۆسووتاندنی ژنان لە ئێران و کوردستان لە بەردەستدا نییە.