ژنە هاووڵاتییەکی شاری سنە لە هەمبەر حیجابی زۆرەملێ ناڕەزایەتیی دەربڕی

15:03 - 30 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی شاری سنە، لەسەر شەقام لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ ناڕەزایەتیی دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە سەر سێڕێیانی ئەدەب لەچکەکەی بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بە حیجابی زۆرە ملێ لەسەر لابرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند: دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم ژنە، هێزە نیزامییەکان سێڕێیانی ئەدەبیان گەمارۆ داوە و هەوڵی پەرتەوازەکردنی خەڵکیان داوە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: دوای ڕوودانی تێکەڵچوونی مەئموورانی نیزامی و هاووڵاتیان، هێزە نیزامییەکان لە سێڕێیانی ئەدەبدا زیاد کراون.

ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەرانبەر حیجابی زۆرەملێ، پێشوازی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.