ژنە زیندانییەکی سیاسیی زیندانی ئێڤین دەستی دایە خۆکوژی

14:45 - 17 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە زینداییەکی سیاسیی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، دوابەدوای بازجوویی مەئموورانی ئەمنیەتیی وەزارەتی ئیتلاعات، هەوڵی خۆکوژی دا.

هەواڵدەریی \"هێرانا\" بڵاوی کردەوە، رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ \"بسمە ئەلجەبووری\" ژنە زیندانیی سیاسیی زیندانی ئێڤین، پاش ئەوەی لەلایەن \"عەبباسی\" مەئمووری وەزارەتی ئیتلاعات لە نێو زینداندا لێپرسینەوەی لێکرا، بەهۆی فشار و زەختی دەروونییەوە دەستی دایە خۆکوژی.

دەگوترێت ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە بۆ بێهداری زیندان راگوێزراوە و لە مەرگ رزگار کراوە.

ئەو ژنە زیندناییە بەتاوانی \"سیخوڕی بۆ وڵاتی ئێراق\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و هەنووکە ماوەی ٢٤ مانگە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین راگیراوە.

بسمە ئەلجەبووری یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی بازرگانیی ئێراق و هەروەها خاوەنی ئوتێل \"ئەلرەشید\"ی بەغدا بووە.

بە سەرنجدان بە ماددەی ٦ و ٨ی یاسای رێزدانان بۆ ئازادیی تاکەکان و مافی هاووڵاتییان لە یاساکانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، چوونی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ نێو زیندانەکان و لێپرسینەوە لە زیندانیان، پێشێل کردنی راستەوخۆی مافی زیندانیان بە ئەژمار دەکرێت.