ژنە رۆژنامەنووسێکی کورد و براوەی خەڵاتی "ئیلاریا ئاڵپی" لە کێشەکانی رۆژنامەنووسی خۆی ئەدوێ

17:43 - 2 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: \"سووسەن محەممەد خانی غیاسوەند\" ژنە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی \"قەزوێن\" لە رێوڕەسێکی تایبەتیدا لە وڵاتی ئیتالیا خەڵاتی ساڵانەی \"ئیلاریا ئاڵپی\" بۆ \"رۆژنامەنووسی بوێر\"ی پێ دەبخشرێت.

سووسەن محەمەد خانی غیاسوەند لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \"بنکەی \"رۆژنامەنووسانی پاریس\" و \"رۆژنامەنووسانی بێسنوور\" بەپێی ئەو کێشە و گرفتانەی کە من لەسەرەتای کاری رۆژنامەنووسیمەوە بەرورووی بوومەتەوە، بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بە بنیاتی \"ئیلاریا ئالپی\" پێشنیار کراوم و لەئەنجامدا بەپێی هەڵسەنگاندێک کە کراوە، ئەو خەڵاتەیان بە من بەخشیوە.

ئەو ژنە رۆژنامەنووسە راشیگەیاند، بنیاتی ئیلاریا ئاڵپی، کێشەو گرفتەکانی منی لە ساڵی ١٣٧٩ـەوە هەتا ساڵی ١٣٩٠ کە بەیەکجاری ئێرانم بەجێهێشت، لەبەر چاو گرتووە و بەو پێیە هەڵسەنگاندنیان ئەنجام داوە.

غیاسوەند راشیگەیاند، لەماوەی کاری رۆژنامەنووسیمدا لە وڵاتی ئیران تەنیا بەرەورووی فشاری هێـزە ئیتلاعاتییەکان نەبوومەوە، بەڵکوو کێشەی ئابووری، فشاری باوکم و روانگەی کۆمەڵگە بۆ ژنێکی رۆژنامەنووس چەندین قات لە فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان زۆرتر بوو، بۆیە لەسەرەتای دەستپێکی کاری رۆژنامەنووسیمەوە بەروڕووی کێشەو گرفتی ئابووری بوومەتەوە و تەنانەت جاریک بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مووچەی کەم، لەکاری رۆژنامەنووسی دەرکرام.

سووسەن لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، لە وڵاتی ئێران بەهۆی ئەوە کە مێدیایەکی ئازاد بوونی نییە و منیش خوازیاری سەربەخۆیی لە کار کردندا بووم، نەمدەتوانی بەشێوەی ئازاد کار بکەم و ئەمەش یەکێک لە کێشەکانی من بوو، بۆیە راپۆرتێک کە زیار لایەنی رەخنەیی لە بەرپرسانی حکوومەتی بەخۆیەوە دەبینی، لە هیچ بڵاوڤۆک و رۆژنامەیەکدا بڵاو نەدەکرایەوە و بەهۆی پرسی سیاسی و ئابوورییەوە بەروڕووی سانسور دەبوویەوە.

\"14145.jpg\"
سووسەن محەممەد خانی غیاسوەند، ژنە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی قەزوێن
سووسەن محەممەد خانی غیاسوەند باسی لەوەش کرد، کە لە ماوەی کاری رۆژنامەنووسیمدا بەهۆی داهاتی کەمەوە هەتا کاتژمێر ٢ و ٣ی نیوەشەو کارم دەکرد و لەکاتی گەرانەوەمدا لە شەقامەکان، لەلایەن پیاوانەوە پیشنیاری هاوجێیی بوونم پێ ئەدراو و هەندێک جار تووشی شەڕ و کێشە دەبوومەوە و تەنانەت ئەگەر پیاوانی دیەکەش شاهیدی ئەو شەڕو کێشەیە بوایەن هاوکاری منیان نەدەرکرد، چونکە هیچکەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە ژنە رۆژنامەنووسێک لەبەر داهاتی کەم هەتا درەنگانی شەو کاری رۆژنامەنووسی بکات.

ناوبراو راشیگەیاند، هەندێک جارئەو پیاوانەی پیشنیاری هاوجێی بوونیان پی ئەدام، بڕە پارەیەکیان پی پێشنیار ئەکردم کەلە مووچەی مانگانەی من زیاتر بوو، تەنانەت هەموو جارێکیش لەم پەیوەندییەدا لەلایەن باوکمەوە بەرەوڕووی تانە و تەشەر دەبوومەوە.

غیاسوەند ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرام و دواتر کەلە زیندان ئازاد کرام و بۆ ماڵەوە گەڕامەوە، باوکم هەڕەشەی کرد کە ئەگەر جارێکی دیکە دەستبەسەر بکرێت، بۆ خۆم ئەتکوژم، بۆیە ساڵی ٨٩ کە دەستبەسەر و پاش ٥ کاتژمێر کە ئازاد کرام، بەزووترین کات هاوڕێکانم ئاگادار کردەوە کە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەر کرانەکەم، خۆ ببوێرن، بۆیە لە وەهاحاڵەتێک دایە کە ژنە رۆژنامەنووسیکی کورد لە نێو بنەماڵە، کۆمەڵگە و لەلایەن حکوومەتیشەوە هێچ ئەمنیەتێکی نییە وکاری رۆژنامەنووسی لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا وەک کایە کردن بە مەرگ سەیر دەکرێت.

پێشتریش سووسەن محەممەد خانی غیاسوەند رژنامەنووسی کوردی لە شاری قەزوێن لە دایک بووە و ماوەی ١٤ ساڵە بەشێوەی سەربەخۆ لەو شارە سەرقاڵی کاری رۆژنامەنووسیە و بەوتەی خۆی لە ساڵی ١٣٨٨ـەوە هەتا ئێستا بەبێ مووچە کاری رۆژنامەنووسی دەکات.

کوردەکانی ئوستانی قەزوێن لە عێڵەکانی \" غیاسوەند، باجەڵان، شێخ کانلوو، ساکان، بەڵەخکانلوو، شکاک، چگینی، جەلیلوەند، رەشوەند، کاکاوەند، کرمانی و مافی\" پێکهاتوون کە بەپێی سەرچاوکان لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی شاعەباسی سەفەوی بۆ ئوستانی قەزوێن گوازراونەتەوە.

ئیلاریا ئاڵپی رۆژنامەنووسی ئیتالیایی ساڵی ١٩٩٤ هاورێ لەگەڵ \"میران هروواتین\" فیلم هەڵگری هاوڕێی لە \"مۆگادیشۆ\" پایتەختی وڵاتی \"سۆمالی\" کوژراو لەو کاتەوە هەتا ئیستا ساڵانە خەڵاتێک بەناوی ئەو رۆژنامەنووسەوە بە رۆژنامەنووسانی \"بوێر\" ئەدرێت.