ژنێکی کورد لەورمێ بەدەستی هاوسەرەکەی لە ئاگردا سووتا

14:53 - 5 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ بە دەستی مێردەکەی ئاورێ تێبەردرا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێک بەناوی \"ماریا فەلاح\" کچی وەستا عەلی و خەڵکی ناوچەی \"مەرگەوەڕ\"ی سەربە شاری ورمێ، کە چەند مانگ پێش ئێستا لەلایەن مێردەکەی خۆیەوە ئاگری تێبەردرابوو، سەرئەنجام رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ بەهۆی سووتانی ٦٠%ی جەستەیەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، مێردی ئەو ژنە بەناوی \"سەلاحەدین\" کەسێکی موعتاد بوو کە لە ئەنجامی دروستبوونی کێشە لە نێوانیاندا، ئاگری لە ماریای هاوسەری بەرداوە و پاش چەند مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی تەورێز، گیانی لەدەست دا.

ماریا کە دایکی ٤ منداڵ بووە، چەند ساڵ پێش ئێستا بەزۆری ژن بە ژنی پێکرابوو، کە بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، مێردەکەی لە دەستپێکی ژیانی هاوبەشییەوە گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەدەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون و هەروەها ٢ ژن و کچێکی تەمەن ٣ ساڵ لە دەرەوەی ماڵدا بەدەستی کەسانی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.