ژنێکی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ئێعدام کرا

16:51 - 22 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی شاری سنە حوکمی لە سێدارەدانی ژنێکی کوردی لەو زیندانە جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٥ بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، ژنێکی کورد بە ناوی \"شەرارە ئەلیاسی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و خێزاندار، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ئێعدام کرد.

چالاکێکی مافی مرۆڤ لە شاری سنە وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کاتژمێر ٥ بەیانی ئەمڕۆ حوکمی لە سێدارەدانی ئەو ژنە کوردەیان بەڕێوەبردووە و هەتا ئێستا تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووتەوە.

ئەم چالاکە مافی مرۆییە لە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: شەرارە ئەلیاسی ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\"ی هاووڵاتییەک بە ناوی \"کاوە غوڵامی\" لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا بوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگیی شاری سنە بۆ پێشگرتن لە ئێعدام نەکردنی ئەو ژنە کوردە لە بەرانبەر خانووی بنەماڵەی کوژراوەکە کۆبوونەوە، بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکە بە لێخۆشبوونی ئەو ژنە کوردە ڕازی نەبوون.

چالاکانی سنەیی داوایان لە بنەماڵەی کوژراوەکە کردووە کە بە جێگای \"تۆڵە و ئێعدامی کەسێکی دیکە، ژیان و لێخۆشبوون\" هەڵبژێرن.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر، ژنێکی دیکەی کورد بە ناوی \"زەینەب سکانوەند\" لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئێعدام کرا.