ژنێکی لێقەوماوی بوومەلەرزە بە هۆی سەرماوە ڕەق هەڵات

14:16 - 27 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی هاووڵاتیی کورد کە بە هۆی بوومەلەرزەکەوە ماڵەکەی ڕووخاوبوو، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەلاسی باوەجانی لە سەرما ڕەق هەڵات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو شەو پێش ژنە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"خاوەر خوسرەوی\" خەڵکی گوندی \"نیوەکارە\" بە هۆی بێدەرەتانی و نەبوونی شوێنی خەوتن، لە سەرما ڕەق هەڵات.

بە هۆی ڕووداوی سروشتی بوومەلەرزە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گوندی نیوەکارە لە سەدا ٨٠ی خانووەکانی ڕووخاوە. هەواڵی گەیشتوو بە کوردپا باس لە کوژرانی ٨ هاووڵاتی و بریندار بوونی ٣٥ هاووڵاتیی لەو گوندە دەکات.

دەگوترێ، مێرد و کوڕێکی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوون.