ژنێکی لاو لە شاری سەلاسی باوەجانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

14:06 - 13 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، ژنێکی لاو خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، هانای بۆ خۆسووتاندن برد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی \"لەیلا ڕەمەزانی\" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش چەند ڕۆژێک بە هۆی سووتاوییەکەیەوە، گیانی لە دەست دا.

لەیلا ڕەمەزانی، بە هۆی کاریگەری سووتاوییەکەیەوە، بۆ نەخۆشخانەی شاری ئیسفەهان ڕاگوێزرابوو.

ئەو ژنە لاوە کوردە، خێزاندار و دایکی منداڵێکی یەک ساڵانە.

لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، جەستەی ژنێکی بی‌گیان بە ناوی \"موونیرە ئابوو\" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان، لە ماڵکەیدا، بە هەڵواسراوی دۆزرابووە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەممە گیانی لە دەست دا.

ئەو ژنە کوردە، لە کاتی ئەو ڕووداوە دووگیان بووە و ڕۆژی ڕابردوودا، تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی یاسایی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

بە بڕوای کارناسان، ساڵانە ٤ هەتا ٤٥٠٠ کەس لە هەوڵی خۆکوژی دەدەن و پارێزگاکانی ئیلام، لورستان، گوڵستان، گیلان، کرماشان، کوردستان و هەمەدان زۆرترین خۆکوژیان لە ئاستی ئێراندا، بە ئەژمارە دێن.