ژنێکی سەقزی بەدەستی مێردەکەی ئاگری تێبەردرا و لاویکی نۆدشەیی خۆی کوشت

14:36 - 28 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە کوشتن و خۆکوژیی هاووڵاتییان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران رووی لە زیادبوون کردووە و ئەم مەسەلەیەش هەتا ئێستا کاردانەوەی هیچ‌کام لە ناوەندە حکوومییەکان و لایەنه پەیوەندیدارەکانی بەدواوە نەبووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵەی خەڵکی شاری نۆدشە و دانیشتووی شاری مەریوان بەناوی بێهزاد بروومەندی کوڕی تۆفیق بەهۆی هەژاری و بێ دەرەتانی‌یەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە کە ماوەی ٦ مانگ بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، بڕوانامەی لیسانسیشی هەبووە، رۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ هەوڵی خۆکوژیی داوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ خاکەلێوەی ئەمساڵ ژنێکی کورد لە گەڕەکی عەباس‌ئاوای شاری سەقز لەلایەن مێردەکەیەوە هەوڵی کوشتنی درا.

بەوتەی دراوسێکانیان، مێردی ئەو ژنە کەسێکی تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان بووە و پاش ئەوەی داوای پارەی لە ژنەکەی کردووە، ژنەکە پارەی پێ‌نەداوە و لە ئەنجامدا مێردەکە بەنزینی ماتۆڕەکەی بەتاڵ کردووە وپڕژاندوویەتی بەسەر ژنەکەیدا و ئاگری تێبەرداوە.

دەگوترێت، ئەو ژنە لاقەکانی تووشی سووتان بوون و هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری سەقز لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە و هاوکات بەشێکی ماڵەکەشیان لە ئاگردا سووتاوە.