ژنێکی دیکە لە ورمێ خۆی سووتاند

17:54 - 2 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: کچێک لە شاری ورمێ بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دواتر بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانیەوە کۆتایی بە ژیانی هات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی رێبەندان ژنێک بە ناوی \"فاتمە مەقسوودی\" تەمەن ٢٤ ساڵ و خاوەن ٢ منداڵ، لە نە خۆشخانەی شاری ورمێ بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانییەوە کە بەرئەنجام خۆ سووتاندن بوو، گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: ئەو ژنە لە دایکبووی گوندی \"دێم قشڵاخ\"ی سەربە شاری \"ماکۆ\"یە کە ١٠ رۆژ پێش ئیستا بە هۆی کیشە بنەماڵەییەوە لە شاری ورمی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەو هۆیەوە بووە قوربانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی نزیک بە ٢ حەفتەی رابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ٨ ژن بە هۆکاری جۆراوجۆر ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە و لە ئەنجام دا گیانیان لە دەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینەی خۆ سووتاندنی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکری لەو رێژەیە زیاتر بێت.