ژنێکی دیکە لە ناوچەی سەردەشت کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

15:07 - 10 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دوو ژن لە ناوچەی سەردەشت، بە هۆکاری ناڕوون هەوڵی خۆکوژی‌یان دا و بەوهۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەڵاڵە محەممەدی ئەو ژنە تەمەن ٢٢ ساڵەیە، کە رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی جۆزەردان خۆی هەڵواسی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

هەڵاڵە محەممەدی، کە خەڵکی گوندی \"بناویلێ کوردان\"ی سەربە ناوچەی سەردەشت بووە، ژیانی هاوبەشیشی پێکهێنابوو، بەڵام هەتا ئێستا هۆکاری ئەو خۆکوژییە بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

دەگوترێت، لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا کچێکی دیکەش لە ناوچەی سەردەشت لە ریگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژیی داوە و لەئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەروەها باس لەوە دەکرێت، کە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٨ی جۆزەردان، کچێک لە گوندی حەسەن‌ئاوای سەربە شاری سنە لەلایەن باوکییەوە کوژراوە، بەڵام دروستیی ئەم هەواڵە بۆ ئاژانسی کوردپا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی ئاگاهیی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران، لە سەدا ١٥ی کوشتنەکان لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لە ژێر ناوی \"نامووس\"دا بوون و بە وتەی جێگری بەرپرسی پۆلیسی ئاگاهیی هیزە ئینتزامییەکان ژن کوشتن لە سەرووی کوشتنەکانەوە بووە و بە وتەی ناوبراو لە هێندیک حاڵەتدا ژنان تەنیا بەپێی شک و گومانی کەسوکاریانەوە کوژراون.

بەپشت بەستن بە ئاماری سندووقی کۆمەڵەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە نزیک بە ٥ هەزار ژن لە ژێر ناوی \"پاراستنی نامووس\"دا دەکوژرێن.