ژنێکی دووگیان لەپاش نەشتەرگەری گیانی لەدەست دا

13:58 - 8 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون بۆ دایکێکی خەڵکی مەریوان، گیان لەدەستدانی ئەو ژنەی بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕووداوێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی شاری مەریوان، ژنێک لەپاش نەشتەرگەریی سێزاریەن گیانی لێ ئەستێندرا.

ناسنامەی ئەم دایکە، سوهەیلا مەولوودی تەمەن ٣١ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

\"\"ناوبراو ئێوارەی پێنج‌شەممە، ٥ی ڕەشەممە براوەتە نەخۆشخانەی \"بوعلی\" و ڕۆژی دواتر بە هۆکارێکی نادیار نەشتەرگەری سرووشتی بۆ ناکرێ و دەبرێتە ژووری سزاریەن.

لە هەواڵە بڵاوکراوەکاندا هاتووە کە نیوەڕۆی دوێنێ شەممە، ئەو ژنە بە هۆی بەربوونی لەڕادەبەدەری خوێن و تێکچوونی دۆخی، گیانی لە دەست داوە.

لە ئێستادا کۆرپەی ئەو ژنە زیندووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و بە وتەی بەڕێوەبەری تۆڕی تەندرووستی مەریوان؛ \"لەئەگەری تاوان، سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.\"

گەلاوێژی ئەمساڵ ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی بڵاوی کردەوە کە؛ \"هەڵەی پزیشکی\" و تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر دوکتورەکان لە دادگاکاندا زیادی کردووە و ئاماری ساڵی ٩٤، لە سەدا حەوت، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری بەرزبووەتەوە.

ئامارێکی ورد لەمەڕ رێژەی مردن بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە ئێراندا لە بەردەستدا نییە، بەڵام خاوەن ڕایانی ئەو بوارە کەمبوونی هێزی مرۆیی، ماندوویەتی و کاری لەڕادەبەدەر، ئاشنا نەبوون بە زانستی پزیشکی و هەروەها ڕێژەی زۆری نەخۆشەکان لە گرینگترین هۆکارەکانی هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا ئەژمار دەکرێن.

لینکی پێوەندیدار:
دایکێک بووە قوربانیی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانە