ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵی کورد بە سکێک ٥ منداڵی بوو + وێنە

22:50 - 18 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی شاری \"سەرپێڵ زەهاو\" لە دوومین جاری منداڵبوونیدا، بە سکێک بووە خاوەنی ٥ منداڵ.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ و دانیشتووی گوندی \"کوبیکی حەسەن\"ی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو لە نەخۆشخانەی \"شهدا\"ی ئەو شارە بە سکێک ٢ کوڕ و ٣ کچی بووە.

\"هووشەنگ بەهاری\" یەکێک لە دوکتورانی ئەو نەخۆشخانەیە بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی راگەیاندووە، دوو منداڵ لەو پێنج منداڵە هەر کامەیان ١ کیلۆ و ٢٠٠ گرەم و منداڵێکی دیکەیان ١ کیلۆ و ٣٠٠ گرەم و هەروەها دوو منداڵەکەی دیکەشیان ١ کیلۆ و ١٠٠ گرەم کێشیان هەیە.

ئەو دوکتورە ئاماژەی بەوەشداوە، دوو منداڵیان بەهۆی کێشی کەم و ناکامڵی، بەمەبەستی چاوەدێری پزیشکی و دەرمان، رەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کراون.

سەرپەرستی ناوەندی بێهداشت و دەرمانی شاری سەرپێڵ زەهاو رایگەیاندووە، ئەو ژنە ماوەی ٣١ حەفتە سکی بەو منداڵانە پڕ بووە و منداڵەکانیش زووتر لەپێ و مانگی خۆیان لە دایک بوون.

هاوکات باوکی ئەو منداڵانەش رایگەیاندووە، \"خۆشحاڵم بەوەی کە بوومەتە باوکی ٥ منداڵی ساغ و سەلیم، بەڵام نیگەرانی دابین کردنی تێچوو و پێداویستتەکانیانم\".