ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لەشاری بۆکان خۆی هەڵواسی

14:22 - 23 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری بۆکان لەرێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر ژنێک بەناوی \"هاجەر مەجیدی\" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گەڕەکی میراوا لەناو ماڵەکەی خۆیدا، کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هاجەر مەجیدی دایکی دوو منداڵ بووە و دانیشتووی گەڕەکی میراوا، کۆڵانی \"زاگرۆسی ٣\" بوو.

بەوتەی کەسێکی ئاگادار، هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو ژنە روون نەبۆتەوە و خۆکوژییەکەشی بۆتە سەرسووڕمانی دۆست و ئاشناکانیان.

ئەو هاووڵاتییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، هاجەر مەجیدی ژنێکی هێدی و هێمن بوو و تەنانەت هیچکات لەگەڵ ئیبیراهیم فەرەجی( مێردەکە)شی کێشەی نەبووە.

دیاردەی خۆکوژی لەنێو خەڵکی ئێراندا رۆژلەگەڵ رۆژ لەپەرەسەندن دایە و بە چەشنێکی لێهاتووە کە وڵاتی ئێران لەنێو وڵاتانی جیهاندا پلەی سێهەمی بۆ خۆکوژی هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو کراونەتەوە، رێژەی خۆکوژی ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان لەئێراندا زیاترە.

کارناسان خەمۆکی بەهۆکارێکی سەرەکیی خۆکوژی دەزانن، بەڵام بێکاری، هەژاری و کێشەی بنەماڵەیی بەهۆکارە گرینگەکانی دیکەی خۆکوژی لەقەڵەم دەدەن.

چوارئوستانی کوردستانی ئێرانیش لەو دیاردەیە بێبەری نەبوون و بەپێی ئامار و داتاکان لە ئوستانی ئیلام زۆرترین رێژەی خۆکوژی روو دەدات.