ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لە مەهاباد کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

15:53 - 7 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە ناومالی خۆیاندا بەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بەناسناوی \"وەزیری\" کچی عەبدوڵڵا بەهۆی کێشەی کۆمەلایەتییەوە خۆی هەڵواسیوەو کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

دەگوترێت، ئەو ژنە تەمەن ٤٠ ساڵەیە هاوسەری کەسێک بە ناسناوی \"زاهیدی\" و هەروەها دایکی منداڵێکش بووە، کە شەوی یەکشەممە لە ماڵی خۆیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە وڵاتی ئێران ئەنجام دراون، بێکاری، هەژاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرئەنجامی ئەو دیاردانەن، هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی لە نیوان لاوان دایە و لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا بەهۆی چوونە سەرەوەی رێژەی بێکاری و دابەزینی هێڵی هەژاری، خۆکوژیی هاوڵاتییانیش رووی لەزیادبوون کردووە.

لەلایەکی دیکەوە توندوتیژیی خێزانی و ناوماڵ بە یەکێک لە سەرەکی‌ترین هۆکاری خۆکوژی ژنان و کچان دادەندرێت.

هەروەها بە بڕوای کارناسانی کۆمەڵایەتی، چوونە سەرەوەی ئاستی تێگەیشتنی ژنان لەمەڕ نابەرابەری و هەڵاواردن و پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە هۆکارەکانی زیاد بوونی ئاماری خۆکوژیی ژنان ئەژمار دەکرێن.