ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بەزەبری چەقۆی براکەی کوژرا

21:21 - 4 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی خێزانداری بەهۆی کێشەی خێزانییەوە، بە دەستی برایەکی خۆی و بە زبری چەقۆ کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەشەوی رابردوو ژنێکی کوردی خەڵکی کامیاران بەناوی (سوهەیلا فاتحی) بە زەبری چەقۆ و لەلایەن براکەی خۆیەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامیاران بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ ئەو رووداوە کاتێک هاتۆتە ئاراوە، کە ئەو ژنە تەمەن ٢٥ ساڵەتە لەگەڵ هاوسەرەکەی تووشی کێشەی خێزانی بووەو برای ئەو ژنەش بەناوی فەرهاد، پاش ئەوەی لەو رووداوە ئاگادار بۆتەوە، خوشکەکەی خۆی کوشتووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتووشیەتی، کە سوهەیلا دایکی دوو منداڵی تەمەن ٩ و ٢ ساڵانیش بووە.

ئەو رووداوە لە شەهرەکی دادگوستەریی کامیاران هاتۆتە ئاراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تەرمی ئەو ژنە لە پزیشکیی دادوەریی شارستانی کامیاران راگیراوە.