ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە چەکی تاپڕ کوژرا

15:21 - 23 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵەی کورد لە شاری شنۆ، بەهۆی \"کێشەی بنەماڵەیی\"ـەوە بە چەکی راو گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵەی خەلکی گوندی \"سەر دەڕە\"ی سەربە شارستانی شنۆ بە چەکی تاپڕ و لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو ژنەی بە ساڵاچووەی \"خەدیجە\" راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری شنۆ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو ژنە بەساڵاچووە، بەهۆی دەمەقاڵەیەکەوە، بەدەستی کچەکەی خۆی کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، رووداوەکە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی رێبەندان هاتۆتە ئاراوەو تەرمی ئەو ژنە بۆ نەخۆشخانەی \"نبی اکرم\"ی شاری شنۆ گوازراوەتەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، پشکنینی تەرمی ئەو ژنە دەریخستووە کە ناوبراو بە چەکی تاپڕ لە سەر سینگی دراوەو بەو هۆیەوە دەستبەجی گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە؛ کچی ئەو ژنە بەساڵاچووە دانیشتووی گوندی ئەمیرابادی سەربە شاری شنۆیە و پاش کوشتنی دایکی هەڵهاتووەو هیچ هەواڵێکی لێ نازانرێت.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تەرمی ئەو ژنە تەمەن ٦٠ ساڵەیە رادەستی کەسوکاری نەکراوەتەوەو لێکۆڵینەوە لەسەر پەڕاوەکەی بەردەوامە.