ژنێک و سێ پیاو لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

18:20 - 29 خاکەلێوه 2722

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شارام بوورک، سەید  ناسر حوسێنی، عومەر ئیبراهیم نادری و لەیلا ئیبراهیم نادری" کچی عومەر خەڵکی گوندی "سۆغانلوو"ی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و ئەوانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پیرانشار کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، سەید "ناسر حوسێنی و عومەر ئیبراهیم نادری" باوکی "لەیلا ئیبراهیم نادری" بە لێوەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو "شارام بوورک" پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزراوە و "لەیلا ئیبراهیم نادری" بۆ بەندی ژنان لە زیندانی ورمێ، گوازتراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چوار هاووڵاتییە زانیارییەک نییه.