ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەی لە کرماشان کوژرا

10:56 - 10 خەزەڵوەر 2721

ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەی، لە شاری "سونقووڕ و کولیایی" سەر بە کرماشان، کوژرا.

بەنی عامریان، لێپرسی تایبەتی "قەتڵ" لە شاری سونقووڕ و کولیایی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "کاتژمێر ٥ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەو ڕووداوە ڕووی داوە و ئەو ژنە لاوە خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سونقووڕ و کولیاییە".

بەنی عامریان هەروەها وتوویەتی: "لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ئەو ژنە بە لێدانی شتی قورس لەلایەن مێردەکەیەوە، کوژراوە و لەو پەیوەندییەدا، پاش کاتژمێرێک، بکوژەکە دەسبەسەر کراوە".

هەرچەند هەتا ئێستا شوناسی ئەو ژنە ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام ئەو بەرپرسە قەزاییە، هۆکاری کوژرانی ئەو ژنە لاوەی بۆ کێشەی بنەماڵەییەوە، گەڕاندووەتەوە".

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ژنێکی کورد بە ناوی "لەیلا شەکیبا"، تەمەن ٣٩ ساڵ، کچی "فەتحوڵڵا" و خەڵکی سنە، بەدەستی هاوسەرەکەی بە ناوی "بارام بەختیاری"، لە یەکێک لە ماڵەکانی هەڵکەوتوو لە شەقامی "ڕۆکنا"ی هەمەدان، بە زەربی چەقۆ بە شێوەیەکی دڕەندانە کوژرا.