ژنێک لە پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

10:41 - 8 بەفرانبار 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، ژنێک بە ناوی "گەلاوێژ ئەزدی" کچی عەلی و خەڵکی گوندی "دربکە"ی پیرانشار، هەوڵی خۆکوژیی دا.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژیی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

گەلاوێژ ئەزدی دایکی دوو منداڵە و هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە بۆ ئاژانسی کوردپا، ڕوون نەبووەتەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، مێرمنداڵیک بە ناوی "دیمەن بایەزیدی"، کچی "ئیسماعیل" و خەڵکی مەهاباد، بە هۆکاری ناڕوون کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو مێرمنداڵە لە ڕێگەی خواردنی حەبی "برینج" خۆی کوشتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، ژنێکی لاو بە ناوی "زارا سابیری"، کچی "سوڵتان"، خەڵکی گوندی "قونی" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو هاووڵاتییە پاش خۆسووتاندنی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ کرا، بەڵام بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەست دا.