ژنێک لە ناوچەی مەریوان گیانی لێ ئەستێندرا

18:43 - 30 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: ژنێک لە ناوچەی ژاوەرۆ بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بەدەستی مێردەکەی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٨ی سەرماوەز ژنێک بە ناوی \"لەیلا\" خەڵکی گوندی \" ژان\" سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا لەگەڵ مێردەکەی خۆی بە ناوی \" سادق - ش\" کێشەی لێ پەیدا بووە و لە ئاکامدا لەلایەن مێردەکەی خۆیەوە کوژراوە.

سەرجاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ژنە بە زەبری چەقۆ لەلایەن مێردەکەیەوە کوژراوە و تەرمی ئەو ژنە لە نەخۆشخانەی شاری مەریوان رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێکی دیکە لە ناوچەی شاماتی مەهاباد بە ناوی \" پەروین _ ت \" هەر بەو هۆیەوە بە دەستی مێردەکەی و لە ماڵی خۆیاندا گیانی لێ ئەستێندرا.