ژنێک لە ناوچەی مەریوان دەستی دایە خۆکوژی

15:55 - 2 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ناوچەی مەریوان ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لەبەر کێشەی بنەماڵەیی دەستی دایە خۆسووتاندن و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارێی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار ژنێک بەناوی \"سەیران ئەحمەدی\" تەمەن ٢٢ ساڵ کچی عەبدووڵڵا و خەڵکی گوندی \"بەیەڵە\"ی سەربە شاری مەریوان لە ماڵی مێردەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەیران ئەحمەدی کەلە گوندی \"دەرەتفێ\"ی سەربە شاری مەریوان مێردی کردبوو و هەروەها خاوەنی منداڵێکیش بوو، چەندین جار لەلایەن مێردەکەیەوە توندوتێژی بەرامبەر کرابوو کە دواجار بەو هۆیەوە دەستی داوەتە خۆسووتاندن و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێک بەناوی جەمیلە خەڵکی شاری مەهاباد و خاوەنی ٢ منداڵ بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستی دابووە خۆکوژی و دواتر گیانی لەدەست دابوو.