ژنێک لە ناوچەی مەریوان بەدەستی کەسوکاری خۆی سەربڕدرا

13:48 - 4 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ لە ناوچەی \"کۆماسی\"ی شاری مەریوان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بەدەستی ٤ برای خۆی سەربڕدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ ژنێک بەناوی \"سۆیبە قادری\" خەڵکی \"گوندی \"شاییەر\"ی سەربە ناوچەی \"کۆماسی\"، بەشێوەیەکی بێ‌بەزەییانە لەلایەن ٤ برای خۆیەوە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هاوسەری ئەو ژنە و هەروەها ٤ براکەشی لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون، بەلام خەڵکی ئەو ناوچەیە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو کەسانە لەهەمبەر خولقاندنی ئەو تاوانە بەرەوڕووی هیچ سزایەکی دادگا نابنەوە.

سۆیبە لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی \" گوڵان\" ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و هەروەها دایکی ٣ منداڵیش بوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوندی ئماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون و هەروەها ٢ ژن و کچێکی تەمەن ٣ ساڵ لە دەرەوەی ماڵدا بەدەستی کەسانی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.