ژنێک لە سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:42 - 6 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: دیارەدی خۆکوژی لە نێو بنەماڵەکانی کوردستاندا بووه‌تە باو و خەریکە پەرە دەستێنی و هەر جارێک لە ناوچەیەکی کوردستان قوربانیی لێ دەكەوێتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە، ژنێکی خەڵکی شاری سەقز بە هۆی کێشە و گرفتی بنەماڵەیەوە دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە سەقزیە بە ناوی \"بەیان.م\" ڕاگەیەنراوە و خیزاندار و خاوەنی منداڵێکە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژییەکەی بەیان لایەن بنەماڵە و لایەنە پەیوەندییدارەکانەوە ڕانەگەیەنراوە.

دەوترێ، لە هەر ١٠٠٠ کەس لە ئێراندا ١٢ کەس خۆیان دەکوژن و پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و هەمەدان زۆرترین ڕێژەی خۆکوژییان لە نێو ژنان لە ئێراندا هەیە.

زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژی ژنان و کچانی کورد نە تەنیا میدیایی نابنەوە، بەڵکوو بەهۆی نەریتی بوونی کۆمەڵگە لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە، پەردەپۆش دەکرێن.

پێشتر، شەهێن محەممەدی ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، سەبارەت بە دیاردەی خۆکوژی لە کوردستاندا بە هەواڵنێری کوردپای گوتبوو: \"زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوژی گەیشتۆتە ئاستێک کە لە ئێستادا، وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر سەیر دەکرێت، بۆیە بەداخەوە هەواڵی خۆکوشتنەکانیش ئاسایی بوونەتەوە و ئەمەش وای کردووە کە هەوڵێکی جیددی بۆ بنبڕ کردنی ئەم کارەساتە لە ئارادا نەبێت\".