ژنێک لە زیندانی سنە ئێعدام کرا

10:22 - 8 بەفرانبار 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، ژنە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زەینەب خودامورادی" تەمەن ٤٣ ساڵ خەڵکی شاری قوروە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی ناوەندیی سنە، لە سێدارە درا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، ئەو ژنە زیندانییە بە وەرگرتنی موڵەت بە مەبەستی ڕەزامەندنی لە بنەماڵەی کوژراوەکە، لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندەکەی گەڕێندرابووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی کوژراوەکە ڕایانگەیاندبوو لە ئەگەری دانی ٧٠٠ میلیۆن تمەن دیە؛ لەو ژنە خۆش دەبن، بەڵام بنەماڵەی ئەو ژنە توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نەبووە.

زەینەب خودامورادی ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەر، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ئەو ژنە هاووڵاتییە ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی دوو کەس لە منداڵەکانی" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای قەزاییەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.