ژنێک لە ترسی ئەوەیکە "دەستدرێژی" نەکرێتە سەری و خۆی لە دەلاقە هەڵدابووە خوارەوە، گیانی لەدەست دا
ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەرمانان، ژنێک بە ناوی "شلێر ڕەسووڵی" تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی گوندی "چەشمییەر سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان کە لە ترسی ئەوەیکه "دەستدرێژی" نەکرێتە سەری، خۆی لە دەلاقە هەڵدابووە خوارەوە، گیانی لەدەست دا.
شەوی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان، پیاوێک بە مەبەستی دەسدرێژی کردنە سەر ئەو ژنە و شلێر ڕەسووڵی بۆ ڕزگارکردنی خۆی، لە دەلاقەی ئەو ماڵەی خۆی فڕێ دابووە، خوارەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادارە لەو بارەیەوە بە کوردپا ڕایگەیاند: "پیاوێک بە ناوی "گۆران قاسمپوور" خەڵکی گوندی "گۆشخانی" سەر به شاری سەوڵاوا، بە بیانووی یارمەتی بە ژنەکەی خۆی، داوای یارمەتی لە شلێر ڕەسووڵی کردبوو و ئەو ژنەش سەردانی ماڵی گۆران دەکات و دواتر لە مەبەستی ئەو پیاوە تێدەگات و لە ترسی ئەوەیکە دەسدرێژی نەکرێتە سەری، خۆی لە دەلاقەی ماڵی ئەو کابرایە، هەڵدەداتە خوارەوە."
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "شلێر ڕەسووڵی بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە کرابوو."
بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هاوژینی شلێر ڕەسووڵی لە هەرێمی کوردستان خەریکی کرێکارییە و شلێر خاوەنی کوڕ و کچێکی تەمەن ١٦ و ١٣ ساڵانەیە.
دوای ئەو ڕووداوە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ژمارەیەک لە ژنان و چالاکانی مافی ژنان لە شاری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە مەڕ بارودۆخی پێکهاتوو بۆ شلێر ڕەسووڵی و نەبوونی ئەمنییەتی ژنان لە کۆمەڵگا، لە بەرانبەر دادگای ئەو شارە کۆبوونەوە و بە هەڵگرتنی پلاکارت و دانی دروشم، داوای دابینکردنی ئەمنییەتیان بۆ ژنان، کردبوو.