ژنێک لە بۆکان دەسبەسەر کرا

12:34 - 13 سەرماوەز 2721

شەوی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەز، ژنێک بە ناوی "چینی شەریفی‌بۆکانی" کچی "عومەر"، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕەزا شەریفی‌بۆکانی، چالاکی مافی مرۆڤ و برای ئەو هاووڵاتییە لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی خوشکەکەی و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ڕەزا شەریفی‌بۆکانی هەروەها وتوویەتی، بە تێپەڕبوونی ٤٨ کاتژمێر پاش دەسبەسەرکرانی خوشکەکەی، لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکیان بەدەست نەهێناوە.

چینی شەریفی‌بۆکانی خێزاندار و خاوەن منداڵێکە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، عومەر شەریفی‌بۆکانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و باوکی چینی شەریفی‌بۆکانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

عومەر شەریفی‌بۆکانی ساڵ ٧١ بە تۆمەتی "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاشان لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ساڵی ٧٨ پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی چینی شەریفی‌بۆکانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.