ژنێك لە شاری بانە بە شێوەی گوماناوی كوژرا

17:07 - 29 جۆزەردان 2712
كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر ژنێك لە شاری بانە بە شێوەی گوماناوی كوژراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەعیدە سەلیم زادە ناسراو بە ( چینی) چەند رۆژ لەمەوبەرەو لە شاری بانە بە شێوەی گوماناوی كوژراوە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ هۆكاری كوژران و بكوژانی ئەو ژنە هەواڵ و زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی دوایین زانیارییەكان تەرمی ئەو هاووڵاتییە شەوی یەكشەممە بە نهێنی بە خاك سپێرداروە.

هەر لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر مەهناز قەندكانلوو كچی محەممەد خوێندكارێكی كوردی خەڵكی گوندی \"میلان\"ی سەر بە شاری ماكۆ كەلە زانكۆی سەڵماس سەرقاڵی خوێندن بوو، پاش رفاندن لەلایەن 2براوە كوژراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە نزیك بە سێ‌ مانگی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 10 هاووڵاتیی دیكەی كورد لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە و بە شێوەی گوماناوی كوژراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زێدەترە.