ژنکوژی دیاردەیەکی پەرەگرتوو بە بیانووی جۆراوجۆر لە کوردستان

16:01 - 8 سەرماوەز 2721

کێشەی بنەماڵەیی، پاراستنی نامووس، ڕەتکردنەوەی خوازبێنیکەران و ڕازینەبوون و بەزۆر بەشوودان، کۆمەڵە هۆکارێکن کە لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا، کوژرانی چەند ژنە هاووڵاتییەکی لە کوردستان لێ کەوتووەتەوە.

کوژرانی ژنان و کچان، سنوورە ئیخلاقی و مرۆییەکانی بەزاندووە و خەریکە گشتگیر دەبێت و بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ٢٥ی نوامبری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نوامبری ٢٠٢١، بە گشتی ٣٨ حاڵەتی ژنکوژی لە کوردستان ڕوویان داوە و لە نوێترین حاڵەتدا، پیاوێک لە گوندی "سەبیلـ"ـی شاری تیکاب، ژنەکەی خۆی کوشتووە.

کوژرانی ئەو ژنە کە دایکی سێ منداڵە، لەلایەن "ئیبراهیم بابامورادی" دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری تیکاب، پشتڕاست کراوەتەوە و هەتا ئێستا شوناس و هۆکاری کوژرانی ئەو ژنە ناڕوونە.

"ئیبراهیم بابامورادی" هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو پیاوە تەمەن ٣٤ ساڵە شەو بە "کوتەک، کابڵ و قەمە" ئازار و ئەشکەنجەی ژن و منداڵەکانی داوە کە ژنەکە بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە، هەروەها یەکێک لە منداڵەکانی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

ئەو بەرپرسە دادوەرییە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو پیاوە پاش دەسبەسەرکرانی، دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە".

دانیشتووانی گوندی "سەبیل" بە ڕەگەز تورکن و دەوترێت ژنەکە تورکە.

ژنكوژی له‌ ناخی كۆمه‌ڵگەى دواكه‌تووه‌كانه‌وه‌ سەر هەڵدەدات و وەک قێزه‌ونترین تاوان خۆیان نمایش دەكه‌ن و کۆمەڵگەی کوردیش بەدەر لەم تاوانە نییە و ئەنجامدرانی ئەو تاوانە، لەگەڵ یاسا جیهانی و ئاسمانییەکانەوە نامۆن.