ژنانی هونەرمەند لە بۆکان پەیامی ئاشتییان بە دنیا دا

22:33 - 23 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە فەڕشچنانی شاری بۆکان بە چنینی فەڕشی سپیی ئاشتی، پەیامی ئاشتیخوازی و پێکەوە بوون دەگەیەنە جیهان.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەڕشی سپیی ئاشتی بە هەڵگری پەیامی (ئاشتی بۆ هەموو جیهان) بۆ یەکەمین جار بە کواڵیتیی بەرزەوە و کامڵترین ئاستی خۆی لەلایەن ٣٠ کەس لە فەڕشچنانی بۆکانی لە قوناخی تەواوبوون دایە.

ئەو کارە هونەرییە لەدوو دانە فەڕش، بە قەوارەی ١٢ و ١٦ میتری و لەدوو ڕەنگی سپی و سەوزی زەیتوونی بۆ خەڵاتکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و پیشاندانی هەمیشەیی، دەچێندرێت.

\"29917.jpg\"
لێپرسراوی شیرکەتی \"مهربافان صلح نوانديشان\" کە چنینی ئەو فەڕشەی لەئەستۆیە، باس لەوە دەکات کە وێنەی ١٩٦ کۆتر کە هەڵگری لقی زەیتوونن وەک هێمای ئاشتیخوازی بۆ وڵاتان لەڕووبەری فەڕشەکەدا دەچێندرێت.

هەواڵدەریی ئیرنا لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بایەزید غەفووریەوە ڕایگەیاند: لەو فەڕشەدا وشەی ئاشتی بە زیاتر لە ١٠٥ زمانی جیهان نووسراوە کە لە لایەن کۆترێک لە ئێرانەوە لە کاتی فڕین دایە.

کاری چنینی ئەو فەڕشە لە ٨ مانگ پێش ئێستا دەستی پێکردووە و تا ئێستا نیوەی چنینی ئەو فەڕشە کۆتایی پێهاتووە و لە ماوی ٤ تا ٥ مانگی دیکە تەواو دەبێت و لە دانیشتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کۆتایی مانگی خەرمانان دەست پێ دەکات، پیشان دەدرێت.

تێچووی چنینی ئەو فەڕشە زیاتر لە ٣٠٠ میلیۆن تمەنە و \"رجشمار\" (چەمکێک لە فەڕش چنین دایە کە باس لە چۆنیەتی، ماددەی بەکارهاتوو بۆ چنین و چەند بابەتی دیکە لە فەڕش‌دا دەکات) چنینی ئەو فەڕشە ٧٠یە.

بیرکردنەوەی لە چنینی فەڕشی سپیی ئاشتی لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، بۆ یەکەم جار لە لایەن بەرپرسانی شیرکەتی (مهربافان صلح اندیشان)هاتە گۆڕێ.

شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ‌یە و یەکێک لە جەمسەرە گرینگەکانی بەرهەمی فەڕشی دەستچن لە کوردستان ئەژمار دەکرێت.

\"29919.jpg\"

\"29918.jpg\"

\"29920.jpg\"