ژنان و پیاوان لە کێبڕکێی خۆکوژیدا

14:52 - 17 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی کارەساتباری خۆکوژیی هاووڵاتییانی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستان، هاووڵاتییەک لە شاری جوانڕۆ هەوڵی خۆکوژیی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، لاوێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە بە ناوی\" مەحموود سەنجابی\" خەڵکی گوندی ئەزگڵەی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی ڕاگەیەنراوە.

خۆکوژیی ئەو هاووڵاتییە جوانڕۆییە بە هۆی هەژاری، دەستکورتی و کێشەی بنەماڵەییەوە بووە.

بە خۆکوشتنی ئەو هاووڵاتییە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمە پێنجەمین خۆکوژیی پیاوان لە کوردستان بوو.

پێشتریش، هاووڵاتیەکی کورد لە شاری قەسری شیرین بە ناوی \"مێهران حاتمی نێژاد\" بە چەکی ڕاو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی \"محەممەدڕەزا شادانفەر\" خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، هاووڵاتییەک لە شاری گیلان غەرب و هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری کامیاران بە ناوی فەردین قوربانی بە هۆی کێشەی ماڵی و گیرۆدە بوون بە ماددەی سڕکەر، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا بوو.

ڕێژەی خۆکوژی لە ئێران بە نیسبەت وڵاتانی ئورووپایی کەمترە، بەڵام لە نێو وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا لە سەرترە و ڕێژەی نزیکەی ٥٠٠ خۆکوژیی سەرکەوتوو لە ساڵدا لە ئێران، بەیەکێک لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان هەژمار دەکرێت و ئەو ڕەوتە دزێوە لە حاڵی پەرەسەندندایە.
لینک مرتبط:
ژنان و پیاوان لە کێبڕکێی خۆکوژیدا