ژن و پیاوێک لە زیندانی ڕەجایی شاردا، ئێعدام کران

15:50 - 30 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، حوکمی لەسێدارەدانی ژن و پیاوێکیان لەو زیندانەدا، بەڕێوەبرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی جۆزەردان، ژنێک و پیاوێک لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا، بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" لەسێدارە دران.

شوناسی ئەو ژنە بە ناوی \"فاتمە نەسیری\" ڕاگەیەندراوە و شوناسی ئەو پیاوە هەتا ئێستا ڕانەگەیەندراوە و ئەو پیاوە بە تۆمەتی کوشتنی ژنەکەی بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە: \"فاتمە نەسیری، بە هۆی ئەوەی کە کوڕەکەی کەسێکی کوشتبوو، ئەو قەتڵەی لە ئەستۆ گرتبوو و لە سێدارە دراوە.\"

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤە، ئەو ژنە ماوەی ١١ ساڵە لە زینداندایە و لە کاتی لەسێدارەدانیدا، دوو کەس لە کوڕەکانی کوژراوەکە، لەوێ ئامادە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ئێران بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ٢٥٣ هاووڵاتی لە ساڵی ٢٠١٨دا، بە دووهەمین وڵاتی جیهان لە ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی خۆی بە ئەژمار دێت.

پێشتر، ئەو ڕێکخراوەیە بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی ئێران بەباشی ئاگادارن کە سزای ئێعدام پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنییەکانە کە خودی حکوومەتی ئێران واژۆی کردووە.