٤ ژن و پیاوی کورد لە زیندانی ورمی لەسێدارەدران

21:38 - 1 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی لەسێدارەدانی ٥ زیندانیی زیندانی ورمێ، کە دوو کەسیان ژن بوون، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە جیبەجێ کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردان، ٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی \"دەریا\"ی ورمێ بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوەو لەلایەن رێکخراوی زیندانەکانی ئێرانەوە لەسێدارە دران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ‌لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ناسنامەی ئەو کەسانەی ئامینە تۆسن دانیشتووی گەڕەکی (تەرزیلوو)ی ورمێ، گوڵچین نووری مسکینی خەڵکی گوندی (ئاودیلان) سەربە شاری ورمێ، فارووق مۆفه‌سری خەڵکی گەڕەکی (ئەلواج) لە شاری ورمێ و یووسف مەعرووفی خەڵکی گوندی (قەرە قەساب)ی شاری نەغەدە راگەیاند.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری جیروفت، کە شوناسی بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە، لەگەڵ ئەو چوار کەسە لە سێدارە دراوە.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣١ی بانەەمڕ هەواڵی رەوانە کردنی ٨ کەس لە زیندانیانی زیندانی ورمێ بە مەبەستی لەسێدارەدان بۆ قەرەنتینە نێو ئەو زیندانە بڵاو بوویەوە، کە سەرجەمیان بە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار بوون.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە لەسێدارەدانی ئەو ٤ زیندانییە کوردە ئاماری هاووڵاتییانی کوردی لەسێدارەدراوا لە زیندانەکانی ئێران، لەماوەی ٦٠ رۆژی رابردوودا گەیشتە ١٤ کەس.