١٢ ژن لە ماوەی ٣ مانگدا لە کرماشان، بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر گیانیان لەدەست داوە

15:04 - 27 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٨٢ هاووڵاتی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر لە شاری کرماشاندا، گیانیان لەدەست داوە کە لەو ٨٢ کەسە، ١٢ کەسیان ژن بوون.

بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان لەو بارەیەوە سەبارەت بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لەو شارە، باسی لە گیانلەدەستدانی ٨٢ کەس کرد کە بەهۆی بەکاربردنی ماددەی سڕکەر، گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی \"سەلیم خانی\"، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٧٠ پیاو و ١٢ ژن لە پارێزگای کرماشان، بەهۆی ماددەی سڕکەرەوە گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژە بە زۆربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کرد و ڕایگەیاند: \"لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ١١هەزار و ٢٠٩ کەس، سەردانی پزیشکی یاسایی کردووە و لەو ڕێژەیەش ٧ هەزار و ٧٣٤ کەسیان پیاو و ٣ هەزار و ٤٧٥ کەسیان لە ژنان بوون\".

\"سەلیم خانی\" هەروەها ڕایگەیاند: \"بەهۆی شەڕ و لێدان لە یەک تری، ٤ هەزار و ٤٦٢ کەس لە پزیشکی یاسایی سکاڵایان تۆمار کردووە کە لەو ڕێژەیە، ٣ هەزار و ١٧٢ کەسیان پیاو و ١٠٠٠ و ٢٩٠ کەسیشیان ژن بوون\".

بەرپرسی گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، هەروەها ئاماژەی بە ڕوودانی ڕووداوی کار لەو پارێزگایە کرد و ڕایگەیاند: \"لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٥١ پیاو و دوو ژن بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار\".

ناوبراو هەروەها بەمجۆرە ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کرد: کوژرانی ٤ کەس بەهۆی \"چەکی سارد\"، ٦ کەس بەهۆی \"گازگرتوویی\"، ١١ کەس کە حەوت کەسیان پیاو و ٤ کەسیان ژن بوون بەهۆی \"خۆکوژی\"، بەهۆی خواردنی قورسی برنج، ٥ پیاو و ٥ ژن ژەهراوی بوون، ٢٢ کەس کە ١١یان پیاو و ١١یان ژن بوون بەهۆی \"سووتاوی\" و ٤ پیاو و ٣ ژن بەهۆی \"کارەباگرتوویی\".