سنە؛ دوو ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی دۆخی سەردار سۆهرابی، بلاگێری کورد و داخرانی ئینستاگرامەکەی
٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ پاش تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی سەردار سوهرابی، بلاگێرى خەڵکی مەیوان و دانیشتووی سنە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. هەروەها لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی بە بڕیاری «پۆلیسی چاودێری لەسەر شوێنە گشتییەکانی پارێزگای سنە» داخراوە و ناوەڕۆکەکەی سڕدراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی شەممە ۲۸ی تیر ۱٤۰٥، سەردار سۆهرابی کە وەک بلاگێر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکی دەکرد و لە ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکانیدا باسی لە کێشە و گرفتەکانی شار دەکرد، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. دوای دەسبەسەرکردنیشی، لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی لەبەردەست نەماوە.
لە لاپەڕەی ئینستاگرامی ناوبراودا کە ۱۰٤ هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، تەنیا یەک پۆست لەلایەن «جێگری چاوەدێری لەسەر کاروبارە مەجازییەکانی پۆلیسی چاودێری لەسەر شوێنە گشتییەکانی پارێزگای کوردستان» بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا هاتووە: «ناوەڕۆکی ئەم پەڕە مەجازییە بەهۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی وڵات و هەروەها ڕەچاوەنەکردنی ڕێنماییە ئینتزامییەکان، لەسەر ڕاسپاردەی پۆلیسی چاودێری لەسەر شوێنە گشتییەکان سڕدرایەوە».
تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.