ژمارەیەک پارێزەر لە ئێران هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی دەربڕی

20:07 - 15 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە پارێزەرانی دادگوستەری لە ئێران، پەیامی هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و سەرکۆماری پێشووی عێراق بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەشتا پارێزەر لە ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرخۆشی خۆیان ڕاگەیاند.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە: هەوڵەکانی ناوبراو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لە نێوان نەتەوەکان و ئایینە جیاوازەکان لە عێراق لە ڕێگای ئاشتییانەوە لە بیر ناکرێت.

جەلال تاڵەبانی، سەرکۆماری پێشووی عێراق، سیاسەتمەدارێکی کۆنەکاری کورد، مافناس و پارێزەرێکی مرۆڤدۆست و شۆڕشگێر کۆچی دوایی کرد.
مام جەلال پیاوی ڕۆژە سەختەکان بوو و وتووێژی بە یەکەم ڕێکار بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان دەزانی. هەوڵەکانی ناوبراو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لە نێوان نەتەوەکان و ئایینە جیاوازەکان لە عێراق لە ڕێگای ئاشتییانەوە لە بیر ناکرێت.

ئێمە وەک واژۆکەرانی ئەم پەیامە هاوخەمییە، وەکوو ژمارەیەک لە پارێزەرانی دادگوستەری ئێران، سەرخۆشی خۆمان بە خەڵکی کورد، تورکمەن، عەرەب و مەسیحی، بنەماڵەی گەورەی تاڵەبانی، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، تەواوی ئازادیخوازان و کۆمەڵگای حقووقی جیهان ئاراستە دەکەین و خۆمان بە شەریک و خەمباری کۆچی دوایی ئەم پیاوە گەورە دەزانین و ناو و یادی بەرز ڕادەگرین.

دەقی تەواوی پەیامی هاوخەمی پارێزەرانی دادگوستەری بە بۆنەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی لە بەشی فارسی ئاژانسی کوردپا دایە.